یەکێتیی کۆمارخوازانی ئێران ڕێکخراوێکی سیاسیی کۆمارخوازەکانە بە ئاسۆ فکرییە جۆراوجۆرەکان و پاشخانی سیاسیی جیاوازەوە، کە بۆ بەدیھێنانی ئازادی و دموکراسی و دامەزراندنی سیستمی کۆماریی پشتئەستوور بە بڕیارنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا تێدەکۆشێت. یەکێتیی کۆمارخوازانی ئێران بۆ پێشبردنی بەرنامەی سیاسیی خۆی و بەدیھێنانی یەکێتییەکی ههرچی فراوانتری کۆمارخوازان هەوڵ دەدات.
یەکێتیی کۆمارخوازانی ئێران، وەک ڕێکخراوێکی سیاسیی سەربخۆ کار دەکات
ئێمە تێڕوانینەکانی خۆمان بەم شێوەیە ڕادەگەیەنین:
١ ـ گونجاوترین شێوەی بەدیھێنانی گەلسالاری لە ئێراندا، سیستمی کۆماریی پەرلەمانییە لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی هێزە سێگانهکان و مسۆگەرکردنی ماف و ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان کە لە ڕاگەیاندراوی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامە هاوپێچەکانی دابن. بنەمای خولیبوونی دەسەڵات و هەڵبژاردنبوونی سەرۆکانی وڵات و دەوڵەت، هەرچەشنە بانگەشەیەکی ئیمتییازی بۆماوەیی، ئایینی و مەزهەبی لە کاری بەڕێوەبردنی وڵاتدا بێبایەخ دەکات.
٢ ـ سیستمی کۆماری لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ئایین و مەزهەب لە دەوڵەت دادەمەزرێت، بێ ئەوەی ببێتە ڕێگر لەبەردەم ئامادەبوون و بەشداریی پەیڕەوانی هیچ ئایین و مەزهەبێک لە گۆڕەپانی سیاسەتدا. ئەم جیاکردنەوەیە دەرفەتی پێکەوەژیانی دموکراتیک بۆ پەیڕەوانی سەرجەم ئایین، مەزهەب و باوەڕەکان لە تەنیشت یەکدی دابین دەکات و دەوڵەت لە دەوەردان لە گۆڕەپانی تایبەتی و ژیانی کەسیی هاووڵاتییان ڕێگری دەکات.
٣ ـ بەردەوامیی دموکراسی بێ نەهێشتنی تەنگژە و بێبەشبوونە کۆمەڵایەتی، ئابوری و فەرهەنگییەکان ئەگەر نییە. ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی ئابوری مەرجی پێویست و تەواوکەری یەکترن. ئێمە لایەنگری گەشەپێدانی بەردەوام، دروستکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دەرفەتی یەکسانین بۆ دەستگەیشتنی هەمووان بە خانوو و تەندروستی، پەروەردە و فەرهەنگ و ئامرازی خۆشگوزەرانی.
ـ گەشەپێدانی بەردەوام پێویستی بە پێکەوەژیانی هاوسەنگی مرۆڤە لەگەڵ ژینگەدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئێمە داواکاری پاراستنی سروشت و ژینگەی تەندروستی نەوەکانی ئەمڕۆ و مانەوەی نەوەکانی داهاتووین.
٥ ـ مافی ژنان مافی مرۆڤە. ئێمە باوەڕمان بە یەکسانیی مافی ژنان و پیاوان و بنەماکانی ناو “ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژی ژنان” هەیە. ئێمە داواکاری مسۆگەرکردنی یاسایی مافی ژنان لە خێزان و کۆمەڵگەدا و هەڵوەشاندنەوەی ستەمە فەرهەنگی، سیاسی و کۆمەڵایەتییە ڕەگەزییەکان دین دژی ژنان و دابینکردنی ئامرازی پێویست بۆ گەشەکردنی بەهرە و تواناکانی ژنان لە سەرجەم گۆڕەپانەکانی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیدا.
٦ ـ ئێمە باوەڕی تەواومان بە یەکسانیی تەواوی مافی هەموو هاووڵاتییان هەیە بێ ڕەچاوکردنی جیاوازییە نەتەوەیی، زمانی، مەزهەبی و شێوازەکانی ژیانی تاکەکەسی و داواکاری قەرەبووکردنەوەی تەنگژەکانی ڕابردووین بەرامبەر بە کەمینەکان لە بوارە فەرهەنگی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا و هەوڵدان لە ڕێگەی پەرەپێدانی لێکتێگەیشتن لەنێوان نەتەوەکان و پەیڕەوانی مەزهەبە جۆراوجۆرەکان لە ئێران.
٧ ـ یەکێک لە بنەماکانی بەڕێوەبردنی وڵات ڕادەستکردنی بڕیاردانەکانی پەیوەندیدار بە بارودۆخی ژیان و بەڕێوەبردنی کاروباری خۆجێیی و ناوچەیی بە دامەزراوە هەڵبژاردراوەکانی خەڵکی هەمان شوێن و ناوچەیە. سیاسەتی پشتئەستوور بە دابەشکردنی بەرپرسیارێتییەکان و ناامەرکەزیی دەسەڵات، لە چوارچێوەی سەروەریی خاك و لەپێشینەدان بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لەگەڵ بەدیهێنانی مافی کەمینە نەتەوەییەکان، هاوکاریی نیشتمانیی ئێرانییەکان ڕیشەدارتر دەکات و دەبێتە هۆکاری جێگیرکردن و مسۆگەرکردنی سەروەریی نیشتمانی.
٨ ـ ئێمە لایەنگری خەباتی سیاسیی ئاشتیخوازانەین و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە، مانگرتن، خۆپیشاندان، پەکخستن و بەرخۆدانی مەدەنی بۆ گەیشتن بە داواکارییە ئابوری و سیاسییەکان و هەروەها ڕجاکردن لە راپرسی گشتی و ڕیفراندۆم، بە بەشێک لە مافی قانونیی خەڵک و هاوتەریب لەگەڵ پەیماننامە و پێوەری نێونەتەوەیی دەزانین.
٩ ـ ئێمە داواکاری لابردنی توندوتیژی لە پەیوەندییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانداین. ئێمە ئەشکەنجە و لەسێدارەدان ڕەت دەکەینەوە و سەرکۆنەی دەکەین و سزادانە توندەکان و دژ بە کەرامەتی مرۆڤ بە بێپاساو دەزانین. بە باوەڕی ئێمە خولی خراپی ڕەتکردنەوە و سڕینەوە و تۆڵەسەندنەوە سیاسییەکان دەبێت کۆتایی پێ بێت.
١٠ ـ بنەما و ڕەگی سیاسەتی دەرەوەی وڵات، دەبێت بەرژەوەندیی نیشتمانی و ئاشتیی جیهانی بێت. ئێمە داواکاری پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکانی ئێرانین لەگەڵ سەرجەم وڵاتان، لەسەر بنەمای سەربخۆیی، مافی یەکسان و بەرژەوەندیی هاوبەش.